خرید بک لینک

ڕێبوار و کاڵێ

تێبینی: خوێنەری بەڕێز، خۆم بە بەختەوەر نازانم لەوەی کە 1ی
ناخهەژێن و دڵتەزێنی ڕیبوار و کاڵی دەخەمە سەر کاغەز، مەبەستم
ئەوەش نیە هەستتان بریندار بکەم و ڕۆحتان بشڵەژێنم.
سەد خۆزگا بمتوانیبا چیرۆکی بەختەوەری کچ و کوڕێکی ئەم
نێشتمانەم بخولقێنم.
ئەم چیرۆکەی وا لە بەردەستتاندایە، لە واقیعدا باس لەکێشە و
گرفتەکانی ناو کۆمەڵگای ئێمە دەکات، لاوەکان و بە گشتی خەڵکی ئەم
وڵاتەی ئێمە، بە ڕەنج و مەرارەت و بەش مەینەتیەوە ژیان بەسەر دەبەن و
بە کولەمەرگی دەژین، دەبێ بڵێین مەرگیان لە پێناو ناندایە. وەک
گۆرانییەکەی کاک نەجمەدینی غوڵامی دەڵێ:

من ئەو کەسەم هەموو ڕۆژێ، های ژین های ژین
ژیانی ئەمڕۆم ئەفرۆشم، بۆ کڕینی نانی سبەی
ئەمڕۆش دیسان هاتوومە دەر، های ژین های ژین
ژیانی ئەمڕۆم بفرۆشم بۆ کڕینی نانی سبەی
لێم ناکڕێ خاوەنی نان، لێم ناکڕێ
هانایەکم تەنگاو ئەکات، تین و گەرووم
ئەی داد هەی داد، هەی داد هەی داد
لەم بازاڕە بێڕوحمەدا ژیان هەرزانترە لە نان.

بۆ بە دەست هێنانی نان، لەسەر سنوور یان سەر مین دەکەوین، یا بە
تەقەی ڕاستەو خۆ دەکوژرێین، یان ژێر ڕنوو دەکەوین و ڕەق هەڵدێین،
یان لە تەلان و هەڵدێر و گاشەبەردەوە بەر دەبینەوە، یان بە ماشێن لە
ڕێی باربردن بەر فیشەک دەکەوین یان بە ڕووداوی هات و چۆ لەو
ڕێگایەدا گیان لە دەست دەدەین.

ڕادوێ و تیڤییەکان، پەیج و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، ڕۆژ نییە چەندین
هەواڵی دڵتەزێنی لەم چەشنە بڵاو نەکەنەوە.
هەر لەسەرەتا و دەستپێکی ئەم چیرۆکە تا کۆتایی، لە گەڵ ڕێبوار و
کاڵێ و دانا و بەختیار ژیام و ڕێم کرد و گریام.
تۆ بڵێی لەسەر ئەم گۆی زەوییە، نەتەوەیەکی دیکەی ستەم لێکراو و
بەش مەینەتی وەک کورد هەبێت؟
بە وتەی گەورە پیاوان ئەگەر نەسڵەکانی ڕابردووی ئێمە ئەرکی خۆیان
بە درووستی ئەنجام بدایە، ئەمە چارەنووسی ئێستای ئێمە بوو؟
لە کۆتاییدا زۆر سپاسی بەڕێزان مامۆستا ئیبراهیم و مامۆستا خالید دەکەم ویراستاری و هەڵەچنی ئەم چیرۆکەیان بۆ کردم.
براتان هەڤاڵ سەرشیوی
لەوە زیاتر کاتتان ناگرم و سەرتان نایەشێنم، دەچینە سەر چیرۆک و بەسەرهاتی ڕێبوار و کاڵێ.

ڕێبوار و کاڵێ

ڕێبوار چەند ساڵێک بوو زانکۆی تەواو کردبوو، هەر بەدوای ئیش و کاردا
دەگەڕا، کارێکی وای دەست نەدەکەوت پێوەی سەر قاڵ بێت و
داهاتێکیشی هەبێت. لە ئاوایی دەرەکێ١ باوکی هەندێک مەڕ و
ماڵاتی هەبوو پێی دەژیان. بنەماڵەیەکی زۆر دەستکورت و هەژار بوون.
ڕێبوار دایک و باوکێکی پیر و پێنج خوشک لە خۆی گەورەتری هەبوو بە
ناو: مەهاباد، بەیان، گەلاوێژ، مینا و ڕێحان. دایکی نەخۆش دایم بەڕێی
دوکتور و شێخ و مەشایەخەوە بوو.
مام عەلی باوکی ڕیبواریش زەختی خستبووە سەر ڕێبوار دەبێ ژن
بێنێت، رۆژێک مام عەلی چوو بە کۆچیل مامۆستادا و گوتی: مامۆستا
گیان، لە بەرت دەمرم بەقوربانت بم هەندێ ڕیبوار نەسیحەت بکە، با
ڕازی بێت ژنی بۆ بێنم، من بۆ خۆم زۆرم بە بەرەوە نەماوە و دایکیشی
نەخۆشە کەسمان نییە لەماڵا بتوانێت چایەکمان بۆ دەم کات و نان و
ئاوێکمان بداتێ، خۆ ناشکوری نەبێت کچان گشتیان مێردیان کردووە و
ڕۆشتوونەتە ماڵ و حالی خۆیان، ئێمەش پیرە پیاو و پیرێژنێک بەجارێک
لێمان قەوماوە، بەڵکوو ڕێبوار بەفەرمایشتی تۆ لە کەری شەیتان بێتە
خوار و ڕازی بێت ژنی بۆ بێنم.
مامۆستا وتی: مام عەلی گیان خۆ ئەمە ساڵەکەی ساڵان نیە باوک
هەرچی گوت کوڕ بڵێت بەسەر چاو، رێبوار مرۆڤێکی خوێندەوار و
رۆشنبیرە لەوە ناچێت بە قسەی منیش بکات، ئەو بۆ خۆی
مامۆستایەکە، جگە لەوەش من بۆ خۆم چەند جارێک داومە بە گوێیدا و
پێم گوتوە بۆ ژن ناهێنیت، ئەویش لە وڵامدا پێی وتووم مامۆستا تا
دانەمەرزێم خەیاڵی ژن هێنانم نییە.
مام عەلی وتی: مامۆستا گیان تەمەنات لێدەکەم با بۆ شێو بچین بۆ
ماڵ ئیمە لەگەڵ ڕێبوار باسەکە دامەرزێنە بەڵکوو دڵی نەرم بێت، پێشی
بڵێ ژن هێنان ڕێی لە دامەزراندن نەگرتووە.

مامۆستا وتی: باشە مام عەلی بەسەر چاو من دێم هەوڵی خۆمی
لەگەڵ دەدەم، ئەوەی پێم بکرێت و بوترێت پێی دەڵێم خوا بکات ڕازی
بێت، ئێمەش پڵاوێک دەخۆین.
مامۆستا لەگەڵ مام عەلی دوای نوێژی شێوان بەرەو ماڵی مام عەلی
ڕێ کەوتن.
مامۆستا لە پێشەوە و مام عەلی بە دوایدا بە پلیکانەکانی ماڵەوەدا
سەرکەوتن و تەقل وباب لە دەرگا درا و خاتوامین فەرمووی لێ کردن،
ئەزقەزا ئەو ئێوارە ڕێحان کچی مام عەلی بۆ سەردانی ماڵی بابی
هاتبوەوە و نان و چێشت حازر بوو.
مامۆستا سڵاوێکی کرد لە حازران و ئەوانیش بەخێر هاتنی مامۆستایان

کرد، ڕیبوار هێشتا نەهاتبوەوە، چەند خولەکێ دانیشتن و ڕێبواریش
پەیدا بوو، سڵاوی کرد و لەگەڵ مامۆستا و باوکی دەست و مشتاقی
کرد و زۆر بەخێر هاتنی مامۆستای کرد.
مامۆستاش دوای مەرحەبایی و چاک و چۆنی ئەو تۆزە درەنگ
هاتنەوەی ڕێبواری بە هەل زانی و وتی: ئێ کاکە ڕیبوار ئەڵێی لە
کوڕێنی بووی وا درەنگ هاتیتەوە؟ دەی برا با ژنێکت بۆ بێنین، کورد
گوتەنی ئیدی با سنگێکت بۆ بچەقێنین ماڵەوە بەجێ نەهێڵی.
ڕیبواریش وتی: مامۆستا گیان نەوەڵا نە خەریکی کوڕێنیم و نە قەسدی
ژن هێنانم هەیە، منی بێ کار و کاسبی کەی بۆ ژن هێنان ئەبم؟
مامۆستا چەندین حەدیس و چەندین ئایەتی قورعانی بۆ هێنایەوە و
وتی :لە قورعانی پیرۆزدا بە سەراحەت لە چەندین شوێندا خودا باسی
لەوە کردووە، کوڕ تەمەنی چووە ناو بیست ساڵ ئەبیت پەلە بکات لە ژن
هێنان و پێک هێنانی ژیانی هاوبەش، ئێستا تەمەنی تۆ بۆ بیست و
چوار ئەچێت و هیچت دیار نیە، با بزانیت باوک و دایکیشت بە تۆوە
گوناحبار دەبن.
مام عەلی هەڵیدایە و وتی: مامۆستا گیان بەو قورعانەی لەسەر ڕانی
ڕاستت داناوە، حازرم زیندەگیەکەمی بۆ بفرۆشم و ژن بێنێت، من قوڕی
کوێ بکەم بەسەرما شانی پیا ناکات،
خاتوامینیش دەستی پێکرد و بە دڵپریەکەوە وتی: مامۆستا گیان بە خوا

زۆر ئەترسم بمرم و ئەولادی ڕێبوار نەبینم ئەوا هەموو کچەکان زیندەگی
خۆیان پێک هێناوە و هەر ڕێبواری کوڕم ماوە ئەویش تەنیا کوڕەو تاقانەیە،
زۆر ئەترسم ئەو ئاواتەم بچێتە ژێر گڵ .
مامۆستاش وتی: نا خاتوامین لێی قەبوڵ ناکەین هەر ئەبێت ئەمشەو
وڵاممان بە بەڵێ بداتەوە.
رێبوار وتی: مامۆستا بێکارم ژن و مناڵم پێ بەڕێ ناچێت ئەمە
ساڵەکەی ساڵان نیە ژن و منداڵ قەناعەت بە هەژاری و دەست کورتی
بێنن، دونیا دونیای چاولێکەریە پێم تەحەموڵ ناکرێت ژن و منداڵم
هاوسەر کەم بن.
مامۆستا قسەکانی بە ڕێبوار بڕی و وتی: سەری بێ ڕۆزی لە ژێر
خاکدایە، خودا خۆی رزق دەدا و ساحێبی ڕزقە، خودا خۆی ئەفەرمێ لە
تۆ حەرەکەت و لە من بەرەکەت، کێت بینیوە لە برسا بمرێت.
نان و چایان خوارد دوای نان و چایش هەر درێژەیان بە باسی ژن
هێنانی ڕێبوار دا.
ڕێبوار دڵی نەرم بوو، وتی دەی باشە مادام ئێستا ئێوە هێندە لە سەری
سوورن با قسەی ئێوە بێت، کام کەنیشکم بۆ داوا دەکەن؟
مام عەلی وتی: تۆ دەست بنیتە سەر هەر کەنیشکێ بە شەرتێ ئێوە
بەیەک ڕازی بن، گورچیلەکانیشم بۆ فرۆشتبێتی زەماوەنت بۆ دەکەم،
بە مام عەلی و مامۆستا و خاتوامین و ڕێحانیشەوە ناوی دانە دانە
کەنیشکەکانی ناو دێیان هێنا کێ باشە و کێ باش نیە بۆ ڕێبوار.
ڕێبوار بە سرتەیەک بە گوێی ڕێحانی خوشکیدا چپانی وتی: کاڵێی کاک
ڕەحیمم پێ خراپ نیە،
لە ناو دێشدا هەر خەڵک دەیان گوت کاڵێ و ڕێبوار بۆ یەک باشن،
ئەوەی ڕاستیش بێت بڕێ دڵیشیان بۆ یەک دەیکورکاند.
شەو درەنگی کرد و مامۆستا ماڵاوایی کرد و لە ماڵ مام عەلی هاتە
دەر و بەرەو ماڵی خۆیان ڕۆیشتەوە، مامۆستا لە خۆی زۆر ڕازی بوو کە
ئەم سەرکەوتنەی بەدەست هێناوە و دڵی ڕێبواری نەرم کردووە،
دوای چەند ڕۆژێک مام عەلی لە بەر دەرگای مزگەوت چاوی بە مامۆستا

کەوت، دوای سڵام و عەلەیک و چاک و چۆنی وتی:
مامۆستا گیان کەی بچین بۆ خوازبێنیەکەمان؟
مامۆستا وتی: ڕێبوار چی؟ لەسەر قەولی خۆی ماوە؟
مام عەلی بە ڕوویەکی خۆشەوە وتی: بەڵێ مامۆستا گیان ئەرێوەڵا
شکوور فەرمایشتەکانی تۆ چوون بە مێشکیدا و خۆیشی کاڵێی کاک
ڕەحیمی پێ باشە.
مامۆستاش وتی: ئەلحەمدولیلا، دەی خەبەر بدەن بە ماڵ کاک ڕەحیم
سبەی شەو دەچین.
مام عەلی وتی: باشە مامۆستا خەبەریان پێ ئەدەم و تۆش ئاگادار
دەکەمەوە.
مامۆستا و مام عەلی ماڵئاوایی یەکیان کرد و لە یەک جیابوونەوە.
مام عەلی لە دڵ خۆیەوە وتی: با قسە بە گوێی خۆم ببیستم باشە، بۆ
خۆم ئەچم بۆ ماڵی کاک ڕەحیم. پێیان دەڵێم نیازێکی وامان هەیە
دەمانهەوێت بێین و خوازبێنی کاڵی بکەین بۆ ڕێبوار.
مام عەلی ڕاست ڕێگای ماڵی کاک رەحیمی گرتە بەر و تا بەر دەرکەیان
نەوەستا، سەیری کرد کاڵێ درگا دەمالێ، سڵاو و چاک و چۆنی
یەکیان کرد و مام عەلی وتی: یاخوا ڕۆڵە بە بووکی ماڵی من بیت، لە پڕ
کاڵێ دڵی داخورپا و زۆریشی پێ خۆش بوو.
ئیمجا مام عەلی هەواڵی کاک ڕەحیمی لە کاڵێ پرسی و وتی:
باوکت لە کوێیە ڕۆڵە؟
کاڵێ وتی: لە ژوورەوەیە مامە گیان.
تا ئەو ڕۆژە کاڵێ ئاوا بە مام عەلی نە گوتبوو مامە گیان.
مام عەلی تەقل و بابی کرد و خۆی کرد بە ژوورێدا. دوای سڵاو و
مەرحەبای کاک ڕەحیم و دادە مەنیج بێ پێچ و پەنا بە کاکە ڕەحیمی
وت: نیازمان وایە بێین و خوازبێنی کاڵێی كچت بکەین بۆ ڕێبواری کوڕم،
بە کوردی و بە کورتی ڕێبوار بکەیت بە بچووکی خۆت و کوڕی خۆت.

کاک ڕەحیم دیار بوو زۆری پێ خۆش بوو ڕێبوار کوڕێکی جوانچاک و
خۆشناوی ناو دێ بوو لە وڵامی مام عەلیدا وتی: بە شەرتێک بەیەک

ڕازی بن کەنیشکی خۆتە، پێشکەشە.
مام عەلی سەر و دڵخۆش زۆری ماڵاوایی کاک ڕەحیم کرد و دوای
قەیرێک قسەکردن ئیزنی خواست و لە ماڵ هاتە دەر و رۆیشتەوە بۆ
ماڵی خۆیان و بۆ ڕێبوار و دایکی ڕێبواری گێراوە کە چۆن مامۆستا و کاک
ڕەحیم و کاڵێیشی بینیوە و کاک ڕەحیم چۆن وڵڵامیشی داوەتەوە.
بۆ سبەینێ ڕێبوار چوو بۆ شار و دەستێکی هێنا بە خۆێدا و شیرینی و
کەل و پەلی کڕێ و گەڕایەوە بۆ ئاوایی دەرەکێ.
ئێوارە مام عەلی لە مزگەوت خوڵکی مامۆستا، حاجی حەسەن و
سۆفی عەزیزی کرد بۆ شام بچن بۆ ماڵ ئەوان و شەویش لەوێوە بچن
بۆ خوازبینی کاڵێ. هەر سێکیان پیرۆزباییان وت و بێ چەند و چوون
بەرەو ماڵی مام عەلی بەڕێ کەوتن.
لە درگای ماڵی مام عەلی تەقل و بابیان کرد و چوونە ژوورەوە. سڵاو و
مەرحەبای خاتوامین و چاک و چۆنی ڕێحانیان کرد و پیرۆزباییشان بە
ڕێبوار وت، ڕێبواریش دەست و گووپی ئەوانی ماچ کرد.
دوای نان و چایی مامۆستا وتی: مام عەلی چیتان لە نەزەردایە وەک
مارەیی و شیربایی و کەل و پەلی ناو ماڵ ئەگەر ماڵ کاک ڕەحیم هاتوو
داوای زۆریان کرد؟
مام عەلی وتی: مامۆستا سەر و ماڵ ئەکەمە پێشکەشیان، ئەوان چیان
بوێت ناڵیم نا، لای خوای خۆم وەعدم کردووە ئەگەر هیچم لە ماڵی
دونیاش نەمابێت گورچیلەکانی خۆشمیان بۆ دەفرۆشم .
مامۆستا وتی: دەی پیرۆزە هەستن ناوی خوای لێ بێنن با بڕۆین.
ڕێبوار خۆی کرد بە ژوورێکی تردا شانەیەکی هێنا بە سەریدا و نەختێ
بۆنیشی لە خۆی دا و هەڵاتە خوارەوە پێڵاوی هەمووانی دانا، ئەوانیش
هەستان و ڕێکەوتن بۆ ماڵی کاک ڕەحیم، دایان لە دەرگای ماڵیان،
ماڵی کاک ڕەحیمیش زووتر ئاگاداری چوونی ئەوان بوون، بە ورد و
درشتەوە هاتن و پێشوازییان لێکردن و بە خێر هاتنیان پێ گوتن.
دوای سڵاو و چاک و چۆنی و بەخێر هاتن مامۆستا قسەی دامەرزاند و
وتی: چارەی هەر کوڕێک ژن هێنانە و هەر کەنیشکێکیش شووکردنە،
ئەمە لە حەزرەتی ئادەمەوە هەروا هاتووە و تا ئێستاش درێژەی هەیە و

تا ئەم گۆی زەوییەش بگەڕێت و مرۆڤ لە ژیاندا بێت بەردەوام دەبێت،
ئێستاش کاک ڕەحیم، ئێمە هاتووین و داوای کاڵێی كەنیشکت دەکەین
بۆ ڕێبواری مام عەلی.
کاک ڕەحیم لە وڵامی مامۆستادا وتی: من دوێنی عەرزی مام عەلیم
کردووە بە شەرتێ کچ و کوڕ بەیەک ڕازی بن خوا چارەی لەیەک
نووسیبێتن من هەر پیرۆزباییەکم لەسەرە و ئەڵیم پێشکەشە.
مامۆستا و مام عەلیش زۆر خاناوایی کا ڕەحیمیان کرد و مامۆستا وتی:
دەی کە وابوو پرس بە کچ و کوڕ بکەن با ناوی خوای ڵێ بێنین.
دایکی کچ و کوڕ هەریەک لە لایەکەوە بە چپە لە کچ و کوڕیان پرسی
ڕۆڵە ئێوە ڕازین؟ هەردووکیان وتیان بەڵێ.
هەموو بە تێکڕا دایان لە چەپڵە و پیرۆزە پیرۆزەیان بە یەک وت،
مامۆستا وتی: دەی کە وابوو چییان بۆ قەرار دەکەن با هەر ئا ئێستا
بیزانین؟
کاک ڕەحیم وتی: خۆیان چیان پێ هەڵدەسووڕێت؟ من پێشکەشم
کردوون.
مام عەلیش وتی: سەر و ماڵی منێش پێشکەش کاڵێ.
هەمووان هەستانە سەر پێ و دەست و گووپی یەکیان ماچ کرد،
ڕێبواری زاواش دەستی هەموو پیاوەکان و دایکی خۆی و دەستی
دایکی کاڵێشی ماچ کرد.
دانیشتنەوە و هەر ئەو شەوە قەول و قەراری کاتی مارەبڕین و نامزەدی
و زەماوەندیان دەستنیشان کرد.
حاجی حەسەن وەکوو داڵغە لێی دابێت چبوە ناو فکرەوە، لە دڵەوە
بەخۆی وت ئەوە بۆ ڕیبوار نە هاتە خوازبێنی فاتمەی کچم؟،بەخوا منیش
بە کراسەکەی بەر خۆیەوە پێم دەدا، نەشبوایەتە باری عەیبە بە خەرج و
مخارجی خۆم زەماوەندەکشم بۆ ڕادەپەڕان، ماشەڵا ڕێبوار چەندە جوان
چاک و کوڕی چاکە خۆزگا کوڕی من بوایە.
شەو درەنگی کرد و هەستان ماڵاواییان لەیەک کرد و هەر کەسەو بەرەو
ماڵی خۆیان گەڕانەوە.

ئەو شەوە مام عەلی و خاتوامین تا بەیانی لە خۆشیدا خەویان لێ
نەدەکەوت،
خاتوامین هەر ئەو شەوە لە خۆشی ئەوە ڕێبوار ژن دێنێت بێ خشە بێ
ئەوەی ڕێبوار بە خەبەرەوە بێت خۆێی کرد بە ژوورەکەی ڕیبواردا و خۆی
لە دەوری گێڕا.
بەیانی مام عەلی هەستا بۆ نوێژ ئیدی سەری سەر سەرین نەکردەوە،
لە تەنیشت کوورەی ژوورەکەیان سەر قاڵی جگەرەکێشان و چاخواردن
بوو تا خۆر و بان گەرم داهات.
مام عەلی وتی بە خاتوامینی خێزانی: ئافرەت لە قەدیمەوە وتوویانە
کاری خێر هەتا زوو ڕایپەڕینی درەنگە، با عەجەلە بکەین لەم کارەمان
دونیا هەزار مقەدەر و هات و نەهاتە.
خاتوامینیش وتی: دەی پیاوەکە هەر چۆن خۆت بە سەڵاحی ئەزانیت،
منیش حەز دەکەم هەرچی زووتر بێت باشترە.
مام عەلی وتی: ئێستا دەچم بە دوای تۆفێقی چۆداردا چی مەڕ و
پاتاڵمان هەیە دەیفرۆشم بۆ ئەم زەماوەندە.

خاتوامینیش وتی: ئیشەڵا لە سەر خێر.
مام عەلی چوو بۆ ناو دێ و تۆفێقی چۆداری بینی و دوای چاک و
چۆنی پێی وت تۆفێق گیان: حەمدی خوا کاری خێرمان بە دەستەوەیە و
دەمهەوێت مەر و پاتاڵەکان بفرۆشم، لە قەدیمەوە وتوویانە خێر بۆ خێش
نەک بۆ دەروێش، ئێستا وەرە لێمی بکڕە با بە کەسی دیکەی نەدەم و
خێرەکەی بۆ تۆ بێت.
تۆفێق وتی: کاری خێرتان پیرۆز بێت، دەی بەسەر چاو لە خزمەتتدام
با بچین بیانبینین، هەر چەند بازاڕ کەسادە و مەڕ و ماڵات بۆ چەند مانگ
دەچێت نافرۆشرێت بەلام مادام تۆ ئێستا گیریت بۆ پووڵ، لێتی دەکڕم.
تۆفێق بە هەلی زانی مام عەلی کاری خێری بەدەستەوەیە، بە پەلە
لەگەڵ مام عەلی ڕۆشتن چاوی بە مەڕ و ماڵاتەکانی کەوت، تۆفێق خودا
خودای بوو کەس بەسەر معامەلەکەیاندا نەیەت تا بتوانێت لە بندا باڵی
مام عەلی ببڕێت، هەر واش بوو بە نرخێکی زۆر کەم لە چنگی دەرهێنا.

هەر چەند ڕێبوار هەوڵیدا بەر بە باوکی بگرێ مەر و ماڵاتەکەیان هەڕاج
نەکات سوودی نەبوو، باوکی پێی وت کوڕم من تازە قسەم کردووە،
خۆم بە پیاو دەزانم، قسەی خۆم ناخۆمەوە، فرۆشتوومن و تەواو.
ڕێبوار و کاڵێ یەک لەیەک جوانتر و ڕێک و پێکتر بوون، لە ناودێشدا
خەڵک دەیانگوت خوا نەجاڕ نیە و تەختە تاشە، خوا ئەو دوانەی هەر بۆ
یەک خەلق کردووە، بەڕاستیش هەر وابوو.
زۆری لە شەوی خوازبێنیەکە تێنەپەڕاند ڕێبوار و کاڵێ لەیەک مارە بڕان.
مام عەلی بۆ بەیانی هەر چی پووڵ و پارەی شک دەبرد لە گەڵ کارتە
بانکیەکەیدا دای بە دەست ڕێبوارەوە و پێی گوت: کوڕم لە گەڵ ڕێحانی
خوشکت و کاڵێی دەزگیرانت و ماڵی خەزوورت، بزانە کێیان لەگەڵتان
دێن بۆ شار بچن زیڕ و جل و بەرگی بووکێنی و کەل و پەلی
زەماوەندیش تازە هەر چی پێویستە هەڵیگرن، باکاری زەماوەندەکە زوو
ڕاپەڕێنین.
ڕێبوار وتی: دەستت خۆش بێت باوکە گیان، باشە بە سەر چاو.
هەر شەو ڕێبوار بە شەرمێکەوە چوو تا درگای ماڵی کاک ڕەحیم و دای
لە درگا، کامەران و کاڵێ لە حەوشە بوون، کاڵێ دەرگاکەی کردەوە،
ڕێبوار سڵاوی کرد و چاک و چۆنی هەر دووکیانی کرد، کاڵێ هەندێ
شەرمی کرد، بەر لەوەی ڕێبوار قسە دەست پێ بکات، کاڵێ بە
بیانووی کارەوە چوو بۆ سەر تەنوور دەرگاکەی پێوە دا، لە پشت
دەرگاکەوە گوێی لە قسەکانی ڕێبوار و کامەران گرت،
ڕێبوار وتی: باوکم منی ناردە خزمەتتان تا ئیزنتان لێ بخوازین کەی
پێتان دەکرێت بچین بۆ شار بۆ جل و زێر هەڵگرتن و هتد.
کامەران وتی: لە سەر ئیزنی باوکم بەیانی موقەدەر نەبێت دەڕۆین.
کاڵێ زۆر قسەکانیانی پێ خۆش بوو، ئیمجا زانی قسەکانیان تەواو بوو،
دەرگاکەی کردەوە و هاتەوە حەوشە.
کامەران زۆر خوڵکی ڕێبواری کرد بچنە ژوورەوە، ڕێبوار شەرمی کرد و
نەچووە ژوورەوە، خواحافیزی لێ کردن و بەرەو ماڵەوە گەڕایەوە.
بۆ بەیانی ڕێبوار لە گەڵ ڕێحانی خوشکی و کاڵێ و خەسووی و
کامەران بەرەو شاری مەریوان سواری ماشێنەکەی کامەران بوون و

ڕۆیشتن.
کامەرانیش چەند ساڵێک بوو ژنی هێنابوو، ئینسانێکی خوێندەوار و
تێگەیشتوو بوو، لە ناو ماشێنەکەدا بەدەم شۆفیڕیکردنەوە ڕووی کردە
ڕێبوار و وتی: ڕێبوار گیان خەمت نەبێت بڵێی کار و کاسپیم نییە و
زانکۆم تەواو کردووە و دانەمەزراوم. برا گیان تۆ نە سەهمیەی بەسیجیت
بووە و نە بونیاد شەهید و نە هیچی دی، ئەوانەی وەک من و تۆ بوون
هەشتاد لە سەدی شوغڵی ئازادی هەیە، کار هەر دەبێت ، بە قەولی
مامۆستا هەژار لە وەرگێڕانەکەی مامۆستا خەیامدا ئەفەرمێت:
کێ ڕەنجی جیهان دەکێشێت ئازایە کوڕە
بارانە لە زیندانی سەدەفدایە دوڕە
پیاو بۆ خۆی بمێنێت ماڵی دونیاشی دەبێت
پێوانە هەلێ بەتاڵە زۆر جارە پڕە.
کامەران دەیزانی کاڵێ و ڕێبوار هێشتا شەرم دەکەن، ویستی بە
جۆرێک ئەو شەرمەیان بشکێنێ.
گەیشتنە کانیەکی گوێی جادەکە و ماشێنەکەی ڕاگرت، کامران وتی:
دابەزن با ئاوێک بخۆینەوە.
ئاویان خواردەوە و کامەران وتی: دەی وەڵا ئەم سروشتە جوانەی ئێرە
زۆر خۆشە و تایبەتە بۆ وێنە گرتن.
ئەگەر چی وەرزی پاییز بوو، بەڵام هەندێک دار هێشتا گەڵای سەوزی
وەکوو خۆی پێوە مابوو، هەندێک زەرد و هەندێک سوور و تەنانەت
هەندێکیش ئەرغەوانی، ئاسمانێکی شین و شاخێکی تەماوی
دیمەنێکی ئەفسوناوییان بەخشیبووە ناوچەکە.
ڕێبوار و کاڵێ بۆ ڕەسم گرتنەکەش دوور لە یەک دەوەستان، کامەران
دەستی هەر دووکیانی گرت و بە پاڵ یەکەوە وەستاندنی و چەند
ڕەسمێکی لێگرتن و ئیمجا گووشییەکەی دا بەدەست ڕێحانەوە و
وتی:تۆیش رەسمێکمان بکێشە، چووە پاڵ کامەران سێ نەفەری
ڕەسمیان گرت، ئیمجا چووە بەین کاڵێ و کامەران جارێکیش چووە ئەو
لای دەستی کاڵێوە ڕەسمیان کێشا، دوو سێ ڕەسمی سێڵفیشیان
بە جەماعەت گرت و سوار ماشێنەکەیان بوون و ڕێکەوتنەوە.

وادیار بوو ئەو وەستان و ئاو خواردنەوەی کامەران بیانوو بوو بۆ ئەو وێنە
گرتنانە.
دواتر کامەران ئەو وێنانەی وا گرتبوویان بە واتساپدا ناردنی بۆ ڕێبواریش.
گەیشتنە ناو شار چوونە بازار ماشینەکەیان بردە پارکینگێک و دابەزین
کەوتنە ناو بازاڕ. سەرەتا جل و بەرگ و کەوش و کیف و ساکیان کڕی و
پاشان چوونە دوکانی کاوەی زێڕفرۆش، ڕێبوار وتی: دەی کاڵێ گیان
زێڕت چی بەدڵە هەڵگرە.
کاڵێ بەترس و خۆفەوە نەیدەوێرا دەست بداتە زێڕی زۆر قورس، لە دڵ
خۆیەوە دەیگوت، نەک ڕێبوار پارەی هیندە پێ نەبێت بەش بکات، پازدە
مسقاڵ زێڕیان هەڵگرت، ڕێبوار هات پارەکەی بداتێ پرسی لەکاوەی زێر
فرۆش وتی: کاک کاوە کردیە چەند؟
کاوەیش تەعارفێکی کرد و وتی: ناقابلە بۆ خوشک و برای خۆمە.
ڕێبوار و کامەرانیش هەر دوو سپاس و دەست خۆشیان لێکرد.
کاوە گوتی: بە خاترەوە بۆتانم حەسێب کردووە دەکاتە چل ملوێن تمەن.
کامەران کارتی بانگیەکەی بەدەستەوە بوو زوو دایە دەست کاوە،
ڕێبواریش، نەیدەهێشت کامەران حەسێبی بکات، لە بەین ڕێبوار و
کامەران بوو بە قەسەم خواردن، ئەو دەیگوت من حەسێبی دەکەم،
ئەویان دەیگوت من حەسێبی دەکەم، عاقیبەت کامەران بە زۆر توانی
پارەی نیوەی زێڕەکە حەسێب بکات و نیوەکەی تری ڕێبوار حەسێبی
کرد، خواحافیزیان لە کاوەی زێڕفرۆش کرد و لە دووکانەکەی هاتنە دەر.
کامەران وتی: من کاری ماشێنم هەیە، ئیدی ئێوە چیتان پێویستە و
چی دەکڕن کەیفی خۆتانە، بەڵام تازە جلەکانیش بدەن بە دوورین.
ئیدی کامەران ڕۆیشت.
رێبوار وتی: با بچین گووشییەک و سیمکارتێک بۆ کاڵێ بکڕین .
گووشی و سیمکارتیان کڕی و سەرەتا شومارەی ئەو سیمکارتەی بۆ
کاڵێیان کڕی لە گووشیەکەی خۆیدا زەخیرە کرد و شومارەکەی خۆیشی
لە گووشیەکەی کاڵێ. دواتر هەرچی شت و مەکی تریان دەویست
کڕیان و جلەکانیان بە دوورین دا. ڕیبوار زەنگی بۆ کامەران دا و وتی ئێمە

تەواو بووین، تۆش ئەگەر سازیت با بڕۆینەوە.
کامەرانیش لە وڵامدا گوتی: هەر لە نزیک ئەو پارکینگە کە ماشێنەکەمان
ڕاگرتبوو، کەبابییەکی خۆشی لێیە، وەرن درەنگە نەهارەکەمان دەخۆین
و ئیمجا دەڕۆین.
هەر چوونە ژووری کەبابییەکە، ڕێبوار لە گەڵ دوو هاوڕێی زانکۆ بە
ناوەکانی دانا و بەختیار کە ئەوانیش بۆ نان خواردن هاتبوون، چاویان بە
یەک کەوت، سڵاو و چاک و چۆنی یەکیان کرد و قەیرێک باوەشیان کرد
بە یەکتردا.
دانا وتی: ئێ ڕیبوار گیان ئەڵێی شکوور زەماوەندت بەدەستەوەیە؟
بەختیاریش وتی : یا خوا پیرۆزت بێت، بەخوا پێم خۆش بوو چاوم پێت
کەوت، چاوم رۆشنەوە بوو.
مەرحەبایی کامەران و دادە مەنیجی دایکی کاڵێ و ڕێحانی خوشکی
ڕێبوار و کاڵێشیان کرد، پیرۆزباییان بە هەموان وت و بۆ چەند خولەکێ لە
سەر سەندەڵیەکانی تەنیشت ئەوان دانیشتن و قسەیان کرد و پاشان
هەستان ماڵاواییان کرد و ڕۆیشتن.
ئەمانیش بە پەلە نانەکەیان خوارد و هەستان بڕۆن.
کامەران و ڕێبوار هەر کامەیان هەوڵیان دەدا خواردنەکە حەسێب بکەن،
کاک حەسەنی کەبابچی وتی: چیتانە باوکم؟ ئەو دوو جەوانە پێش ئێوە
ڕۆشتنە دەر خواردنەکەی ئێوەشیان حەسێب کرد، بڕۆن خواتان لە گەڵ.
کامەران و ڕێبوار هەر دووکیان متەقیان لێ بڕا، بە جووت بە کاک
حەسەنیان وت بۆ دەنگت نەکرد برا.
لەکەبابی هاتنە دەر و بەرەو لای ماشێنەکەیان ڕۆیشتن.
رێبوار هەر لە دڵی دەر نەدەچوو، لە دڵ خۆیەوە دەیگوت چۆن نەمانزانی
دانا و بەختیار خواردنەکەی ئێمەیان حەسێب کرد، دەبوا من هی ئەوانم
حەسێب بکردایە، ئاخری زەنگی بۆ بەختیار لێدا وتی: برا بۆ ئێوە
زەحمەتتان کێشا ئێمەتان حەسێب کردبوو، وەڵا پیمان ناخۆش بوو،
دەبوا من خواردنەکەی ئێوەشم حەسێب بکردایە.
بەختیار وتی: جا فەرقمان چیە؟ تۆ زەماوەندت بە دەستەوەیە خەرجت

زۆرە، جگە لەوەش، تۆڵەی دەکەینەوە، دێین بۆ شاییەکەت.
ڕێبوار وتی: چاوەڕێتان دەبم، بێگومان حەتمەن دەبێ بێن.
خواحافیزیان کرد و ڕێبواریش هێندێک ئەرخەیان بوو.
سوار ماشێنەکەی کامەران بوون و بەرەو ناو دێ بە دەستی پڕ لە دیاری
بۆ خوشک و برا و کەس و کاری هەر دوو لا گەڕانەوە.
لەبەر دەرگای ماڵ کامەران دابەزین، کامەران هەر چەند خوڵکی ڕێبوار و
ڕێحانی کرد نەچوونە ژوورەوە. ڕێبوار و ڕێحان بەرەو ماڵی خۆیان
رۆشتنەوە، ڕێحان بەر لەوەی بچێتەوە ماڵەکەی خۆی، لەگەڵ ڕێبوار چوو
بۆ ماڵ باوکی. دوای سڵاو و مەرحەبایی لە گەڵ باوک و دایکیان و بەخێر
هاتنەوە، ساک و بوخچەی هێنا لە بەر دەم دایکیدا پاکی هەڵڕشتن،
چیان کڕیوە و بە چەند کڕیویانە بۆ دایکی باس کرد.
دایکیشی دەستخۆشی لێ کردن و پیرۆزبایشی بە ڕێبوار وتەوە.
وتی: یا خوا پیرو خڕە بن و عاقیبەت بەخێر.
ئەو شەوە ڕێبوار هەر خەو نەیدەبردەوە کەوتبووە بیری سەردەمی زانکۆ و

دانا و بەختیار، کە لەوێ دایم هۆشیان پێکەوە بوو، چبووە بیری ئەو
شەوەی هەواڵی کەوتنە سەر مینی شاپووری ئامۆزای پێگەیشت.
کاتێک چبوو بۆ کۆڵ لەسەر کێوی تەتە، کەوتبووە سەر مین. شاپووریش
چەند ساڵێک دەبوو هەر لە زانکۆ شەریفی تاران خوێندنی تەواو کردبوو
چەندین میداڵی وەرزشی لە کەرتی تیکواندۆدا هەبوو،
ڕێبوار ئەو شەوەی زانکۆ زۆر ناڕەحەت بوو، هیچ کاتیش لە بیری
نەدەچوو.
هاوژوورەکانی جگە لە دانا و بەختیار ئەوانی دیکە هەموو تورک و فارس
بوون.
عەلی ڕەزا منداڵی ئیسفەهان بوو، وتبووی بە ڕێبوار: باشە ئەو خەڵکی
کوردە بۆ کۆلبەری دەکەن؟ مەگەر کۆڵبەرییش کەسابەتە؟ ئەچن بار لە
خۆیان دەنێن و بەم کەژ و کێوەدا و بە ناو مەیدان مین و خەتەراتی
سنووردا تێدەپەڕن.
ڕێبوایش وڵامی دابووەوە: بەڵێ ناچاریە، تا نەکەویتە ئەو شەرایتەی ئەو

کۆڵبەرانەی تێیکەوتوون، تێیناگەیت و بۆت دەرک ناکرێت، منیش بۆ خۆم
موخالفی کۆڵبەریم. بەڵام چی ئەکەی وەختێک منداڵت نانی شەوی
نەبێت بیخوات و هیچ کارێکی دیکەش نەبێت؟
عەلی ڕەزا لە وڵامدا گوتبووی: من هاوڕێیەکم هەیە ئێستا چووە بۆ
خوێندن لە ئامریکا، دەیگێڕاوە دەیگوت باوکم لە کوردستان خزمەتی
کردووە، باسی کوردستان و سرووشتی کوردستانی بۆ کردووم،
گوتویەتی کێو و دار و بەردی کوردستان کانگای تەڵا و ئاسن و قوڕقوشم
و گۆگرد و بەردی ناوازەی مەڕمەڕە، لەوش زیاتر وتی ئێستا بۆ خۆمان لە
کوردستان گانگای ئاسنمان هەیە، بەسەر ئەم هەمووە سەروەتەدا
ئێوەی کورد دەچن کۆڵبەری دەکەن.
ڕێبوار لە وڵامدا گوتبووی: بەڵێ ڕاست دەکات، کێوەکانی ئێمە هەموو
کانگان، بەڵام ئیزنمان نیە بۆ خۆمان کەڵکی لێ وەرگرین یان ئیمکاناتی
ئەوەمان نیە، هەمووی وا بەدەست کابرای ئیسفهانی، قومی،
کرمانی،کاشانی و تارانییەوە، پێشمان ڕەوا نابینن کارگەکانیان بێنن بۆ
کوردستان لە وێ بیان توێننەوە و بەرهەمهێنان بکەن، بەڵکوو کێوەکان
دەدزن و دەیاندەن بە کۆڵیاندا بۆ ئەم شارانەی خۆیان ڕایدەگوێزن. ئەوان
چەم و ڕووبارەکانمان دەدزن، ئەوان مێژوو و کەلەپوورمان دەدزن، ئەوان
سیاسەتی زەوی سووتاو دژی ئێمەی کورد پەیڕەو دەکەن، ئەگەر نا
تەنها ئیزنمان بدەن ئاو بفرۆشین بە قەد چاڵە نەوتەکانی ئەوان داهاتمان
دەبێت، ئیمە نەتەوەیەکی ستەم لێکراو و بێدەرەتانین، کورد گەورەترین
نەتەوەی بێ دەوڵەتە لەسەر گۆی زەوی، حەشیمەتی کورد زیاتر لە
شەست ملوێن کەسە بە هۆی سیاسەتی پاوانخوازانەی وڵاتانی زلهێز
خاکەکەی واتا کوردستان بەسەر چوار وڵاتدا دابەشکراوە.
کەسێکی بە ناو خوێندکار قسەکانی بە دزییەوە قسەکانی ڕێبوار تۆمار
دەکات، بۆ بەیانی دابوویە حەراسەتی زانکۆ.
بەیانی ڕێبوار بانگهێشتی حەراسەت کرابوو، قسەکانی خۆیان بۆ
گرتبوو، سەرەتا پێیان گوتبوو: (سخنرانیت خیلی خوبە) واتە لێدوان زۆر
باش دەدەیت، ئەمە تۆی ئەم گووە زیادیانە دەیخۆیت؟ بارگە و بنەت وە
پێچە منافقی دژی شۆڕش لێرە نەتبینین.
ڕێبوار بێ منەت بوو لەوەی تەنانەت لە زانکۆ دەریشی بکەن، چونکە
خۆی دەیزانی لەوە ناچێت چارەنووسی لە شاپوور باشتر بێت.

لە بەر خۆیەوە دەیگووت: بە قەولی شاعیر.

دوشمنی خوێڕی ئەگەر تۆ بمدەیەی زێڕی وڵات
خاک و خۆڵی گشت وڵاتم بۆ بکەیتە حاسڵات
بمکەیتە سەر داری دونیا، تاجی شاهیم کەیت خەڵات
شەرتە تێی هەڵدەم لە تاجت، بیگەیەنمە رۆژهەڵات
چۆن دەبێت مەدیوونی تۆ بم، کەج بکەم بۆت گەردنم
لاشەکەم با غەرقی خوێن بێت تا دەگاتە گەردنم

دانا و بەختیاریش کە ئاگادار بوون لە بانگهێشت کردنی ڕێبوار بۆ
حەراسەت، پەنایان بردە بەر مامۆستایەکی زانکۆکەیان کە خەڵکی
کرماشان بوو، جەرەیانەکەی شەویان بۆ گێڕاوە و ئەوەشیان بۆ باس کرد
ئامۆزایەکی ڕێبوار دوێنێ سەر مین کەوتووە و گیانی لەدەست داوە.
مامۆستاش کە ڕێبواری زۆر خۆش دەویست بە دوویدا چبوو بۆ
حەراسەت. چوو بەسەر قسەکانی حەراسەتییەکاندا کە بە ڕێبواریان
دەگوت.
دوای سەلام و عەلەیک و مەرحەبایی، حەراسەتیەکان وتبوویان: ئەمر
فەرموو مامۆستا؟ ئەویش لە وڵامدا وتبووی: هاتووم بە دوای ئەو
خوێندکارەمدا.
ئەوانیش لە وڵامدا گوتبوویان: ئەوە خوێندکارە یان گورگە لە پێستی
مەڕدا؟
مامۆستاش پێی گوتبوون: ڕێبوار کوڕێکی باشە، خوێندکارێکی زیرەکە،
ئامۆزایەکی دوێنێ سەر مین کەوتووە، ڕقی هەستاوە ئەگەر نا کاری بە
هیچێک نییە.
ئەوانیش بە مامۆستایان گوتبوو باشە با تەعەهودێک بدات جارێکی دی
لەم غەڵەتانە نەکات بیبەوە. ڕێبورایش لەسەر خواست و قسەی

مامۆستاکەی تەعەهودێکی ئەلەکی دەنووسێ و لە گەڵ مامۆستا
دەگەڕێتەوە بۆ ناو هاوڕێکانی و درێژە بە خوێندن دەدا.
لەم بیرکردنەوانەدا بوو لە پڕ دەنگی قووقەی کەڵەشێری بەیان هات و

ڕێبوار لە بیری ڕابردووی هاتە دەر و بە خۆی گوت: ڕۆژەوە بوو، هەر
خەوم لێ نەکەوت.
شێعری گۆرانیەکەی بێهجەت یەحیا هات بە بیریا و بە سۆزێکەوە لە بەر
خۆیەوە وتی:
ئەی هاوڕێیان دڵم چرای کۆڕی دیوانی ئێوەیە
دەنگی نووساوی من ئەمشەو تاسەی غوربەتی پێوەیە
ئەڵێم وەکوو فەرهاد منیش قووڵە برینم
لە چیرۆکی خەمی خۆمدا کاڵێ دەبینم
بە بێ ئەو هەستەی کە لە دڵمایە
بوون و نەبوونم وەکوو یەک وایە.
دوای ئەو سۆزە هەر چۆنێک بوو خۆی مات کرد و بۆ یەک دوو کاتژمێر
خەو بردیەوە.
خۆر و بان گەرم بوو خەبەری بوەوە، هەستا چوو تا سەر حەوز و دەم و
چاوی شۆرد، چاویشی گێڕا بۆ دەرگای ماڵ خەزووری بەڵکوو کاڵێ
ببینێت، لەبەر خۆیەوە وتی کاڵێ دیار نییە چوومە ماڵەوە زەنگی بۆ
ئەدەم.
هەر کە گەشتە ماڵەوە گووشیەکەی دەر هێنا، سەرەتا سەیرێکی ئەو
وێنانەی کرد ئەو ڕۆژەی لە ڕێگای شاردا لە گەڵ کاڵێ و کامەران
گرتبوویان، بە خۆی وت: بە خوا خزمێ باشم گرتووە ماڵی کاک ڕەحیم
زۆر ماڵێکی باشن، کامەران تازە هەر برای کاڵێ نیە برای منیشە وا
هەست دەکەم شکوور بۆ خوا ئێستا برایەکم هەیە، شومارەکەی کاڵێی
گرت، هەر دوای یەک جار زەنگ خواردن کاڵێ هەڵیگرت، وادیار بوو کاڵێ
لە زووەوە چاوەڕێی دەکرد ڕێبوار زەنگی بۆ بدات، ڕێبوار وتی: ئەلۆ کاڵێ
گیان سڵام چۆنی شکوور باشی.
کاڵێ وڵامی دایەوە: سڵام رێبوار گیان ئێوە چۆنن سپاس وەڵا لە

دوێنەوە چاوە ڕێی تەلەفوونت بووم.
رێبوار وتی: ئەوەی ڕاستی بێت لەڕووم هەڵنەدەهات زەنگت بۆ بدەم
ئەی تۆ بۆ زەنگت نەدا؟
کاڵێش وتی: وەڵا منیش وەک تۆ.
دوای قەیرێک قسەکردن دادەمەنیج دایکی کاڵێ هات بە سەردا و بینی
کاڵێ لەگەڵ ڕێبوار قسەدەکات، کاڵێ هەندێک ترێق بووەوە، خواحافیزی
لە ڕێبوار کرد و تەلەفوونەکەی داخست.
زۆری نەخایاند لەسەر قەولی پێشوویان زەماوەندیان ڕێخست. ئەوەی
دەنکە جۆیەکی پاشای خواردبوو لە ناسراو و خزم و دۆست
بانگهێشتی شاییەکە کران. بەختیار و دانا هاوڕێکانی ڕێبوار، وەک دوو
برای باش دەوریان گێڕا بە جۆرێکی وا کەس نەیدەزانی تەنها هاوڕێی
سەردەمی زانکۆ و ڕۆژانی غەریبین.
ڕیبوار دوای شاییەکەی هەندێک پارەی بە دەستەوە مابوو ماشێنێکی
پژۆی چوارسەد و پێنجی پێکڕی، کاری پێ دەکرد، کردبوویە سەرچاوەی
داهات بۆ خۆی.
ساڵێک بەسەر شاییەکەیاندا تێپەڕی، خوا کچێکی جوانکیلانەی پێ
کەرەم کردن.
رێبوار و کاڵێ یەک لەیەک خۆشحاڵتر بوون، بیریان لەوە دەکردەوە ناو
چی بنێن لە کچە جوانکیلەکەیان.
کاڵی وتی: رێبوار ناوی بنێین چی؟
ڕێبوار وتی: با بە دڵی تۆ بێت تۆ هەرچی ناو دەنێیت من لام شیرین و
جوانە.
کاڵێ وتی: دەی کە وایە چۆنە ناوی بنێین نیشتمان؟
ڕیبواریش کردیە شۆخی وتی: زۆر باشە بەڵام ئەم نیشتمانە پێشەوای
دەوێت، پێت خۆشە پێشەوایەکمان هەبێت؟
کاڵێش وتی: بێگومان، پێشەوا پەرژینە بۆ نیشتمان، بە دڵنیایەوە
پێشەوامان دەبێت.
حەوتوویەک بە سەر لە دایکبوونی نیشتماندا تێنەپەڕیبوو، مام عەلی

داوای لە ڕێبوار کرد بچێت بۆ شار هەندێک شیرینی و کەل و پەلی
پێویست بکڕێت و بێتەوە.
سەرەتای دووهەمین مانگی زستان بوو، بەفر تارای سپێ کێشابوو
بەسەر شاخ و باخ و دۆڵ و دەشتی دەرەکێدا، دووکەڵی قۆڵە کوورەی
دارین دیمەنێکی تایبەتی دابووە ناو ئاوایی.
بۆ بەیانی ڕێبوار ماشێنی هەڵکرد و بەرەو شار ڕێکەوت، بەفر ئاستەنگێ
زۆری لەسەر ڕێگە درووست کردبوو بە جۆرێک سەرەڕای ئەوەی ڕێبوار
زنجیری تایەی ماشێنەکەشی بەستبوو چەندین جار گیری کرد و پاڵیان
تێوە نا. لەو حاڵەشدا ڕێبوار بە دەنگی بەرز وتی:
ڕێبەندان گەر چی ڕێگە بەندانی
گلێنەی چاوی گەلی کوردانی
هەر چۆن بوو ڕێبوار گەیشتە ناو شار، ئەوەی پێویست بوو کڕی و
گەڕایەوە بۆ ناو دێ، بۆ دوا ڕۆژدا مام عەلی ماڵی مامۆستا و کاک
ڕەحیم خەزووری ڕێبوار و ئەوەی خزم و کەس بوو بۆ ناولێنان کچە
بچکۆلەکەیان دەعوەتیانی کرد.
دوای شێوخواردن خاتوامین کچە بچکۆلەکەی ڕیبوار و کاڵێی کردە
باوەش و هێنایە بەردەم مامۆستا وتی: مامۆستا گیان زەحمەت بکێشە
بانگ بدە بە گوێی ئەو قەرەواشەی خۆتدا و ناوی بنێ.
مامۆستا وتی: بەسەر چاو، تەمەن درێژ بێت خوا براشی بداتێ، ناوی
دەنێن چی؟
خاتوامینیش وتی: وەڵا دایک و باوکی پێیان خۆشە ناوی بنێن
نیشتمان.
مامۆستا هەندێک هەڵوێستەی کرد و وتی: باشە بۆ نێوێکی شەرعی
لێ نانێن نیشتمان چییە؟
خاتوامین وتی: مامۆستا گیان ناوی بنێن چی؟
مامۆستا وتی: ناوی بنێنن ئایشێ، فاتیمە، ئامینە، زارا، کلسووم و زۆر
ناوی دیکە هەن شەرعین.
ڕێبوار لای خوارەوەی هەموان دانیشتبوو وتی: مامۆستا گیان بڕیارمان

داوە ناوی بنێین نیشتمان.
مامۆستا زۆری لەسەر نەڕۆیی، زانی ڕێبوار و کاڵێ بڕیاری خۆیان داوە

ئیدی بێ سوودە. ئەڵاهوو ئەکبەڕی خوێند و ناوی نیشتمانی خوێند بە
گوێی کچە بچکۆلانەکەدا.
مامۆستا وتی: دەی باشە کاک ڕێبوار ئەگەر ئیشائەڵا منداڵی دیکەتان
بوو ناوی شەرعی لێ بنێن.
ڕێبواریش وتی: وەڵا ئەوەی ڕاستی بێت مامۆستا ناوی منداڵی
داهاتووشمان ناوە، بڕیارمان داوە ئەگەر بمێنین و عومر باقی بێت
کوڕمان بێت ناوی بنێین پێشەوا، کچمان بێت ناوی بنێین ئاڵا.
شەو کۆتایی هات و میوانەکان هەرکەسەو بەرەو ماڵی خۆیان
ڕۆشتنەوە.
خاتوامین کە هەموو تەڵاکانی بۆ نەخۆشی و پێداویستی ناو ماڵ
فرۆشتبوو، تەنها نیو لیرەیەکی مابووەوە، هێنای کردیە مل نیشتمان و
پیرۆزبایی بە ڕێبوار و کاڵێ وت.
زستان بارگە و بنەی خۆی پێچاوە و بە هاتنی وەرزی بەهار و خۆش
بوونی هەوا، تارای سپی بەفری زستانی دڕا، سرووشت جلی
سەوزی ڕەنگاو ڕەنگی لە بەر کرد، درەختەکان پشکووتن، گوڵ و گیا لە
بەندی خاکی ڕەش سەریان دەرهێنا، کانیاوەکان تەقێنەوە و هاژەی ئاو
لە دۆڵ و چۆماوەکان، قاسپەی کەو لە شاخ و قەد پاڵەکان دەنگ و
جریوەی مەل لە ناو باخ و دار و دەوەنەکان، هەموو موژدەی ڕابوونەوە و
ڕاسانیان بە گوێی خەڵکی ناوچەکە دەدا. خەڵکی ئاوایی سەرەتای
ساڵ دەکەنە جێژنی ڕزگاری و ئازاد بوونیان لە دەست سپای بەفر و
سەرما و کڕێوە.
چەند مانگێک ڕابورد، خاتوامین رۆژ لە گەل رۆژ نەخۆشییەکەی گرانتر و
قایمتر دەبوو، تا ئەوەی ڕێبوار دایکی هەڵگرت و بە ماشێنەکەی خۆی
بردی بۆ نەخۆشخانەیەکی جەرگ (کبد) لە شیراز. دوای مانگێک مانەوە
و عیلاج وەرگرتن لەو شارە گەڕانەوە ناو دێ.
هەر ئەو شەوەی گەیشتنە ماڵەوە، ڕێحانیش زوو هات بۆ دیتنی دایکی
و ڕێبوار، دوای سڵاو و بەخێر هاتنەوە قەیرێک دانیشت، ئیمجا وتی:
ڕێبوار خەبەرت هەیە حەوتوویەک دەبێت ئایشێی خێزانی شاپووری

ئامۆزامان مێردی کردووە؟
ڕێبوار دڵێ پڕ بوو و وتی: مافی خۆیەتی مێرد بکات، بەڵام کچەکانی
چی؟ لە گەڵ خۆی بردوونی؟ ڕێحان وتی: نەوەڵا، لە ماڵ باوکی
ئایشێن، کاک لەتیفی باوکی ئایشێ تەلەفوونی کردوە بۆ باوکم
وتوویەتی: بەرپرسیارەتی منداڵی ئێوە لە ئەستۆ ناگرین، بێن بە دوای
منداڵەکانتاندا. بڕیارە بەیانی باوکم بچێت بۆ بڵبەر مناڵەکان بێنێتەوە،
ڕێبوار وتی بەیانی خۆم ئەچم زەحمەت بە باوکم نادەم.
ئەو شەوە ڕێبوار شەکەتی ڕێگای شیرازی لە لەش دەر نەچبوو، خەمی
بێ کەسی ئەم منداڵانەش هاتە سەری.
ئاخر شاپووریش هەر منداڵ بوو، باوکی لە دار گوێز کەوتبووە خوارەوە
مردبوو، دایکی مێردی کردبوەوە بەڵام دەستی لە کوڕەکەی هەر بەر
نەدا تا ئەوکاتەی خوێندنی تەواو کرد. ئیمجا شاپوور بۆ خۆی کاسبی
کرد و ماڵی پێکەوە نا و ژنی هێنا.
خەڵک ئەو شەوە ئەوەی زانیی ڕێبوار و خاتوامین هاتوونەتەوە هاتن بۆ
هەواڵپرسی.
ڕێبوار لە خەفەتی بێ باوک و دایکی منداڵەکانی شاپوور، توانای
وڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی نەبوو، خەڵک لێیان دەپرسی چۆن
ڕۆیشتن و چۆن هاتنەوە؟ بە نیوە و نیوە چڵ جار و بار وڵامی دەدانەوە.
شەو دێری کرد و خەڵک ڕۆیشتن. ڕێبوار وتی: کاڵێ وەک ئاگادارییت
ئەو منداڵانەی شاپووری ئاموزام دایکیان مێردی کردووەتەوە و بێ کەس
کەوتوون. تۆش لە گەڵم وەرە بەیانی ئەچین بۆ بڵبەر بە دوایاندا بیانهێنین
بۆ ئێرە. خۆ لە ئێمە زیاتر کەسیان نیە. دەشزانم دەبن بە ئەرک بۆ تۆ
بەڵام چارەمان چییە؟
کاڵێ وتی: زۆر خۆشحاڵ دەبم، سوێند بە خودا لەگەڵ نیشتمان
فەرقیان ناخەم.
بەیانی ڕێبوار و کاڵێ سوار ماشێنەکەیان بوون و بەرەو ئاوایی بڵبەر
ڕێکەوتن، ڕاست چوونە بەر دەگای ماڵی کاک لەتیف و لە دەرگایان دا،
دەرگایان بۆ کردنەوە و چونە ژوورەوە.
سڵاو و چاک و چۆنی کاک لەتیف و دادە مریەمی خێزانی کاک لەتیفیان

کرد. ڕێبوار منداڵەکانی شاپوور واتە سروە و هاژەی لە ئامێز گرتن و
ماچی کردن، وتی: کچەکانم لە ئەمڕۆوە، کاڵێ دایکتانە و منیش
شاپووری باوکتانم. کچە شیرینەکانم هیچ کات بە دڵتاندا نەیەت باوک و
دایکتان لە دەست داوە، من لای خودای خۆم وەعدم کردووە جیاوازی
لە نێوان ئێوە و نیشتمانی کچی خۆمدا دانەنێم.
ئیمجا کاڵێ باوەشی کرد بە هەر دووکیاندا و ماچی کردن و وتێ:
سروە، هاژە، سوێند بە خوا منیش دایکێکی باش دەبم بۆتان.
ڕیبوار رووی کردە کاک لەتیف و وتی: کاک لەتیف وا بیر نەکەنەوە ئێمە
ئەم منداڵانەمان پشت گوێ خستووە، ئێمە ویستمان منداڵەکان وەک
لە خۆشەویستی باوک بێ بەش بوون لە هی دایک بێبەش نەبن.
جگە لەوەش ئایشێی کچیشت دەزانێت لەو کاتەوە شاپوور سەر مین
کەوتووە، من خۆم ناسنامەی ئەم منداڵانەم برد و بۆ هەرکامیان
حەسێبی بانگیم کردووەتەوە دواتر ناسنامەکانم هێناوەتەوە بۆیان،
لەوکاتەوە هەر چی کاسبیم کردووە بیکەیت بە سێ بەشەوە

بەشێکیانم بۆ ئەمان ناردووە. ئەمەم بە ئەرکی خۆم زانیوە و هیچ
ئازایەتیشم نەکردوە.
ئێستاش ئایشێ عاقیبەت بەخێر بێت و ئیشەڵا بحەسێتەوە. من و
کاڵێ هاتووین بە دوای کچەکاندا. لەسەر ئیزنت دەیانبەین بۆ ماڵی
خۆمان.
کاک لەتیف وتی: یا خوا بەخێر بێن، بەخوا وتم ئەم منداڵانە لێرە
ئامانەتین، نەک شتێک ڕوو بدات و ڕووزەردی ئێوە بین، ئەگەر نا کێ
چاوی لە خەرجی ئەو دوو توڵفەوەیە؟
ڕێبوار وتی: دەی ئەگەر ئیزنمان بدەن ئێمە دەڕۆین و خواتان لە گەل.
هەر چەند خوڵکیان کردن و وتیان: پەلە مەکەن چایەک بخۆنەوە جا بڕۆن،
لەوە زیاتر دانەنیشتن. کاڵێ و ڕێبوار هەر کامەیان دەستی منداڵێکیان
گرت و لە ماڵ کاک لەتیف هاتنە دەر. سوار ماشێنەکەیان بوون و بەرەو
ناو دێی دەرەکێ گەڕانەوە، کاڵێ و ڕێبوار بوون بە خاوەن سێ
کەنیشک.
دوو ساڵ ڕابورد، کاڵێ، سروە و هاژەی لە قوتابخانەی ئاواییدا ناونووس
کرد و چوونە بەر خوێندن. وەک دایکێکی باش دایم دەستی بە

دەستیانەوە بوو.
خاتوامین نەخۆشینەکەی هەتا دەهات تەشەنای دەکرد. ڕێبوار
هەڵیگرت، سوار ماشێنەکەی خۆی کرد و ئەمجارە بردی بۆ تاران. بەڵام
دوکتۆرەکانی تارانیش جوابیان کرد و بە ڕێبواریان وت دایکت کەبەدی
بەتەواوی لەدەست داوە، هیچ دەرمان و عیلاجێکی نییە، بیبەرەوە با لە
ناو ماڵەکەی خۆیدا و لە ناو کەس و کاردا بمرێت باشترە.
ڕێبواریش ناچار بە قسەی دوکتورەکانی کرد. سوار ماشێنەکەی خۆی
کرد و هێنایەوە ناو دێ و بۆ دوا شەودا ڕێبوار هەموو خووشکەکانی بانگ
کرد و قسەکانی دوکتور کە بێ هیوایی بوو سەبارەت لە مانی دایکیان
بۆ گێڕانەوە. تا درەنگانی شەو گریان و شیوەنیان کرد. ئەو کاتە نیشتمان
تازە چوار ساڵانە ببوو، زوو زوو خۆی دەخستە باوەشی خاتوامین.
دوو مانگ دوای هاتنەوەی خاتوامین و ڕێبوار لە تاران، خاتوامین لە نان
خواردن کەوت، چاوەکانی بەتەواوی زەرد هەڵگەڕان، وادیار بوو ئیدی
ئاخر ڕۆژەکانی تەمەنیەتی. ڕێحان سەرە ڕای ئەوەی دەیزانی، کاڵێ
چەندە خەمخۆرە و هۆشی بە دایکیەوەیەتی، کەمتر کات دەڕۆشتەوە
ماڵی خۆیان، دایم چاو بەگریان و لێو بە بار لە لای دایکی بوو،
مام عەلی دەیزانی ئەمڕۆ یا سبەی خاتوامین بە ڕەحمەتی خوا دەچێت،
شەو دوای نان خواردن وتی: ڕێبوار کوڕم لەوانەیە ئەوڕۆ و سبەی دایکت
زایە بێت، چووی بۆ شار شت و مەک بکڕە و کفنیشت لە بیر نەچێت،
چوار پێنج مترێک زیادیش بێنە هەر بۆ خێر بیخە مزگەوت.
بە جارێک ڕێبوار و کاڵێ و ڕێحان هەموان بەیەکەوە دایان لە پڕمەی
گریان، ڕێبوار نەیتوانی هیچ وڵامێکی باوکی بداتەوە بە چاوی ئیشارە
وڵامی باوکی دایەوە.
بەیانی ڕێبوار هەستا وەک پیشەی هەمیشەی چووە ژوورەکەی دایکی،
تەختی تەوێڵی دایکی ماچ کرد و دڵی پڕ بوو و فرمێسک بەسەر گۆنایدا
هاتە خوار، زوو سڕینیەوە، لەبەر ئەوەی لە دایکی بشارێتەوە و دایکی
نەیبینێت، خوا حافیزی لە دایکی کرد و بەرەو شار ڕێ کەوت.
لە ناو شاردا هەموو پێداویستیەکی کڕی، بەڵام بۆ کفنەکە دڵی بەرایی
نەدەدا، هەرچی بیری دەکەوتەوە کفن بۆ کۆچی دایکیەتی بوغز قورگی
دەگرت و چاوەکانی پڕ ئەبوو لە ئاو. ناچار پای لە دڵی خۆی نا و چووە

دووکانێک و کفنەکەشی کڕی. ئەگەر چی کات نیوەڕۆیەکی درەنگ بوو
نانی نیوەڕۆی بۆ نەخورا بەرەو ناو دێ گەڕایەوە. دە کیلۆمترێک شاری بە
جێهێشت نزیک ئەو کانیە بووەوە کە لە گەڵ کامەران و کاڵێ وێنەکانیان
لێ کێشابوو.
لە پڕ تویتا سێ ئیفێکی بێ پلاک وەک فیشەک دەرپەڕی، خۆی دا بە
ماشێنەکەی ڕیبواردا لە جادە فڕی دا خوارەوە و بۆ خۆی هەڵات.
باش بوو شوانێک لەو نزیکە مەڕی دەلەوەڕاند چاوی تێوە بوو، بە ڕاکردن
تا سەر جادەکە هەڵات، چەند ماشینێک هاتن شوانە بە هەڵاو هاوار
ڕایگرتن بەخەڵکی ناو ماشێنەکانی وت سێ ئیفێک لەو ماشێنە پژۆی
دا و لە جادە فڕێی دا خوارەوە.
خەڵکەکە بە یارمەتی ڕێبوارەوە چوون، لە پێشدا ڕێبواریان هێنا سەر
جادە سوار ماشینێان کرد و بە پەلە گەیاندیانە نەخۆشخانە، دواتریش
خەڵکەکە زۆر بوون بە مل کێش مل کێش ماشێنەکەی ڕێبواریان
هێنایەوە سەر جادە.
کەسێکی ناسراوی کامەران لە ناو خەڵکی ماشێنەکاندا بوو کە بە
یارمەتی ڕێبوارەوە چبوون، ڕێبواری ناسیبوەوە، زەنگی دا بۆ کامەران.
کامەرانیش بە پەلە خۆی گەیاندە نەخۆشخانە، کاتێک گەشتە
نەخۆشخانە سەیری کرد دانا و بەختیار لە بەر ژووری عەمەڵ قۆڵیان
هەڵکردووە و یەکی لۆکەیەک بەسەر باڵیانەوە بوو.
کامەران و دانا و بەختیار سەلام و عەلەیکیان کرد، کامەران لێیانی
پرسی چ خەبەر؟ ئێوەش بە هەواڵی ڕێبوارەوە هاتوون؟
بەختیار چاو پڕ لە فرمێسک وتی بەڵێ، بانگەوازیان بۆ خوێن دەکرد،
وتیان کەسێک تووشی ڕووداو هات و چۆ بووە و پێویستی بە خوێنە،

ئێمەش هاتین خوێنمان دا، دوای خوێندانەکە حەزمان کرد بزانین کێیە
تووشی ڕووداوی هات و چۆ بووە وتیان ڕێبواری ناوە، خەڵکی دەرەکێیە،
ئەوسا زانیمان ڕێبواری خۆمانە، ئێستا چاوەڕێین لە ژوور عەمەڵ بیهێننە
دەرەوە.
کامەران بەدەم گریانەوە وتی: کاتژمێڕیک نابیت دایکیشی بە ڕەحمەتی
خوا چووە، ماشێنەکەی ڕێبواریش ئەڵێن بردوویانە بۆ فڵان پاسگا، کەل و
پەل و شتەکانیشی لە ناو ماشێنەکەیدایە ئەگەر مابێتن، ئەگەر ڕێبوار

ئیشالا بە سڵامەت لە عەمەڵ هاتە دەرەوە لای ئەو جارێ باسی کۆچی
دایکی نەکەن.
دانا و بەختیاریش وتیان: نەخەیر باسی ناکەین.
ڕیبواریان لە ژووری عەمەڵ هێنا دەرەوە، تازە تۆزێک بە هۆش هاتبوەوە،
چاوی بە کامەران و دانا و بەختیار کەوت.
ڕێبوار چاوی بەحاڵ هەڵبڕی و وتی: کاک کامەران تۆ خوا دایکم چۆنە.
کامەرانیش وتی حەمدی خوا زۆر باش بوو من هاتم بۆ شار، برا تۆ
جارێ نیگەرانی خۆت بە دایکت شکوور باشە.
ڕێبوار مەرحەبایی دانا و بەختیا

برچسب: نویسنده: پویا قاسمی تاريخ: يکشنبه 1 مرداد 1402 ساعت: 19:27

صفحه بندی